بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە بارەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ هێرش نەکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئێران قسەی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز کردوە.
دوو شەممە، ٢٣ ئادار ٢٠٢٦، ، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند "ئەم بڕیارەی ترەمپ بۆ هێرشنەکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئێران دەبێت پێشوازی لێبکرێت".
سەبارەت بە هەمان پرس فریدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە کردوە کر رۆژی یەک شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامداوە و نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر کەرتی کارەبای ئێران، وتی"سوپاسگوزارم کە ترەمپ هێرشەکانی دواخستووە و بوارێکی بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتی ئێران رەخساندووە".
ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە کە لە دوو رۆژی ڕابردوودا، واشنتن و تاران گفتوگۆیەکی زۆر باش و بەرهەمداریان هەبووە سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ وتوشیەتی "بەهۆی ناوەرۆک و ئاراستەی گفتوگۆکانەوە، فەرمانم بە وەزارەتی جەنگ کردووە کە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ دوابخات، بەو مەرجەی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیە بە سەرکەوتوویی بەردەوام بن".
تا ئێستا بەرپرسانی ئێران ڕەتی دەکەنەوە گفتوگۆیان لەگەڵ ئەمریکا کردبێت.