دژی بڕیاری سنوردارکردنی خواردنەوە کهولییەکان مانگرتن ئەنجامدرا

‌وێنەیەک لە گردبونەوەکە

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ڕۆژی یەک شەممە، لە دیمەشق مانگرتن "دژی بڕیاری سنووردارکردنی فرۆشتنی خواردنەوە کهولییەکان لە کاردانەوەی بڕیاری دەسەڵاتداران" بەڕێوەچوو.

دوو شەممە، ٢٣ ئادار ٢٠٢٦، فرانس پرێس بڵاویکردەوە کە " سەدان سووری ڕۆژی یەک شەممە لە دیمەشق گردبوونەوەیەکی بێدەنگیان ئەنجامدا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕیاری دەسەڵاتداران بۆ سنووردارکردنی فرۆشتنی خواردنەوە کحولیەکان و قەدەغەکردنی لە چێشتخانە و یانە شەوانەکان".

لە هەواڵەکەدا هاتوە کە گردبونەوەکە لەسەر بانگەوازی  "چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی" ئەنجامدراوە، خۆپیشاندەران لە ژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا ڕوویان لە گۆڕەپانی گەڕەکی باب توما کرد کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی مەسیحین، ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی ئەو مەترسییە گەورانەیە کە سەبارەت بە پاشەکشەکردنی ئازادییە کەسییەکان لەلایەن دەسەڵاتە نوێیەکەوە دروست بووە، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست".

خۆپیشاندەران ئاڵای سوریا و چەندین لافیتەیان بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بەرز کردبووەوە، کە لەسەر یەکێکیان نووسرابوو "ئازادیی کەسی هێڵی سوورە".

ئەم جووڵەیە دوای زنجیرەیەک بڕیار و ڕێکار دێت کە لە مانگەکانی ڕابردوودا دەرچوون و بوونە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ئازادییەکان؛ لەوانە دیاریکردنی جلی "داپۆشراوتر" لە کەناراو و مەلەوانگەکان، تا دەگاتە ئەو مشتومڕانەی کە سەبارەت بە قەدەغەکردنی ماکیاژکردنی فەرمانبەرانی ژن لە شاری لازقییە هاتە ئاراوە.




PM:09:48:23/03/2026