سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردوەتەوە و باس لەوە دەکات کە گفتوگۆی چڕیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەست پێکردوە سەبارەت بە گۆڕینی دەستکەوتەکانیان لە جەنگی دژی ئێران بۆ ڕێککەوتنی سیاسی گشتگیر.
دوو شەممە، ٢٣ ئادار ٢٠٢٦، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە و رایگەیاند "ترەمپ بڕوای وایە کە دەرفەتێکی گەورە لە ئارادایە بۆ ئەوەی ئەو سەرکەوتنە مێژووییانەی سوپای ئیسرائیل و سوپای ئەمریکا بەدەستیان هێناوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسیی بەهێزدا جێگیر بکرێن، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئیسرائیل بپارێزرێت".
"هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە سیاسییانە، ئیسرائیل لە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران و لوبنان بەردەوام دەبێت، سەرنجی سەرەکیمان لەسەر تێکشکاندنی تەواوەتیی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە" نەتانیاهو وا دەڵێت.
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی "ئێمە بەردەوامین لە پەکخستنی ژێرخانی سەربازیی ئێران و لە چەند رۆژی رابردوودا دوو زانای دیکەی بواری ئەتۆمیمان لەناوبردووە، پڕۆسەی راوکردنی سەرکردە و زاناکانیشیان بەردەوام دەبێت".
سەبارەت بە گروپە چەکدارەکانی دیکەی وەک حیزبوڵا نەتانیاهو دەڵێت "هێزەکانمان گورزی کوشندەیان لە حزبوڵڵا وەشاندووە و رێگە نادەین هیچ هەڕەشەیەک لە سنوورەکانیانەوە بمێنێتەوە، ئێمە لە هەر بارودۆخێکدا بین، چ لە کاتی شەڕ یان لە کاتی رێککەوتندا، تەنیا یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە و لەم پێناوەشدا لە هیچ هەنگاوێکی توند سڵ ناکەینەوە".
ئەم پەیامەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتێکی ٥ رۆژەی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان دیاری کردووە تاوەکوو بزانرێت تاران تا چەند ئامادەی جێبەجێکردنی مەرجەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.