نیویۆرک تایمز: ئەمریکا لیوایەکی جەنگی دەنێرێت بۆ دوورگەی خارگ لە ئێران


رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتیکی بڵاوکردوەتەوە کە سەرچاوەی زانیاریەکانی لە بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکاوە وەرگرتوە سەبارەت بە ناردنی "لیوایەکی جەنگیی هێزی وەڵامدانەوەی خێرا لە فیرقەی  ٨٢ی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا" بۆ دوورگەی خارگ لە ناو خاکی ئێران.

نیویۆرک تایمز، دوو شەممە، ٢٣ ئادار ٢٠٢٦، بڵاویکردەوە "پێنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) لە چوارچێوەی پلاندانانی وردبینانە دا، بژاردەی ناردنی لیوایەکی جەنگیی هێزی وەڵامدانەوەی خێرا لە فیرقەی ٨٢ی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا تاوتوێ دەکەن"، ئەم هێزە کە لە ٣ هەزار  سەرباز پێکدێت، توانای ئەوەیان هەیە لە ماوەی کەمتر لە ١٨ کاتژمێردا لە هەر شوێنێکی جیهان جێگیر بکرێن.

بەپێی راپۆرتەکە، ستراتیژیی ئەمریکا بەم شێوەیە دەبێت، سەرەتا ٢ هەزار ٥٠٠ سەربازی یەکەی ٣١ ی هێزی دەریایی مارێنز کە ئێستا بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون، دەچنە ناو دوورگەی خارگ. ئەرکی یەکەمی مارێنز چاککردنەوەی ئەو فڕۆکەخانەیەیە کە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکاوە زیانی بەرکەوتووە، تاوەکوو رێگە بۆ فڕۆکە گەورەکانی جۆری (C-130) خۆش بکەن بۆ گواستنەوەی کەرەستە و هێزی زیاتر.

لە راپۆرتەکەدا هاتوە کە "پسپۆڕانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزی چەترییەکان دەتوانن بە خێرایی و لە ماوەی یەک شەودا بگەنە شوێنەکە، بەڵام چونکە چەکی قورسیان پێ نییە، پێویستیان بە پشتیوانیی مارێنز دەبێت بۆ بەرگری کردن لە ئەگەری هێرشی پێچەوانەی سوپای ئێران".

نیویۆرک تایمز ئاشکراشی کردووە کە "سوپای ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بە شێوەیەکی کتوپڕ بەشداریی ٣٠٠ ئەفسەری باڵای فەرماندەیی فیرقەی ٨٢ی لە مەشقێکی سەربازی لە ویلایەتی لویزیانا هەڵوەشاندووەتەوە و لە بنکەی فۆرت بڕاگ هێشتوونیەتەوە، تا لە حاڵەتی دەرچوونی فەرمانی ترەمپ بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە، ئامادەباشی تەواویان هەبێت".

هەرچەندە تا ئێستا فەرمانی فەرمی بۆ دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەرنەچووە، بەڵام جێگیرکردنی ئەم هێزانە نیشانەی ئەوەیە کە "واشنتن دەیەوێت جومگە ئابوورییە هەرە هەستیارەکانی ئێران بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی خۆیەوە".




AM:12:49:24/03/2026