ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە” تاران لە ئێستادا هیچ جۆرە ئاگربەستێک قبوڵ ناکات و پێداگرە لەسەر ئەوەی تا تەواوی ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی بەدەست نەهێنێت، ناچێتە ناو هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.”
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ئاژانسە و میدیاکانی دیکەی نزیک لە سوپای پاسداران، فشار و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتی تاران بە مەبەستی سەپاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، بەڵام ئێران ئەو هەوڵانە بە ناڕاست و بێسوود دەبینێت و پێی وایە مەرجەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەبار نین.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەرپرسانی باڵای تاران جەخت دەکەنەوە کە ئەوان ئامادە نین لەگەڵ لایەنێکدا بچنە ناو پڕۆسەی ئاگربەست یان دانوستان کە پێشتر بەڵێن و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردبێت.
ئەم هەڵوێستەش ئاماژەیە بۆ متمانە نەمانی تاران بە لایەنە ڕۆژئاواییەکان و بەردەوامبوونی لەسەر هەنگاوە سەربازی و سیاسییەکانی لە ناوچەکەدا تا ئەو کاتەی دەگاتە ئەنجامە خوازراوەکانی.