قالیباف: دووژمنانی ئێران بە هاوکاریی وڵاتێکی ناوچەکە دەیانەوێت دوورگەیەکمان داگیر بکەن

‌محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە "ئۆپراسیۆنێک" بۆ یەکێک لە دوورگەکانی ئێران.

چوار شەممە، ٢٥ ئادار ٢٠٢٦، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "بەپێی هەندێک زانیاری، دووژمنانی ئێران بە پاڵپشت و هاوکاریی یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەکەن بۆ داگیرکردنی دوورگەیەک لە ئێران".

"هەموو جموجووڵەکانی دووژمن لەژێر چاودێریی هێزە چەکدارەکانماندایە و ئەگەر هەر هەنگاوێک بنێن، هەموو ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە دەبنە ئامانجی هێرشی بەردەوام بەبێ هیچ سنووردارکردنێک"، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وا دەڵێت.

لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی هەینی ٢٧ ئادار ٢٠٢٦، هەزاران سەربازی مارێنز بگەنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رێک لەو رۆژەی کە ترەمپ وەک مۆڵەتی کۆتایی بۆ ئێران دیاریکردبوو بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.




PM:09:37:25/03/2026