سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند'' سەرکردەکانی ئێران حەزێکی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵماندا دەست بکەن بە دانوستان و بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام ئەوان لە بارودۆخێکی سەختدان و دەترسن ئەو ڕاستییە ئاشکرا بکەن.''
دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو سەرکردانە پێیان وایە ئەگەر بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، لەوانەیە لەلایەن گەلەکەی خۆیانەوە ڕووبەڕووی مەترسی کوشتن ببنەوە، هەروەها نیگەرانی ئەوەشن کە ئێمەش هەمان کار بکەین.
لە درێژەی قسەکانیدا ترەمپ جەختی کردەوە، پێشتر هەرگیز دۆخێکی وەهای نەبینیوە کە کەس نەیەوێت ببێتە سەرۆکی دەوڵەت یان بەرپرسیارێتییەکی باڵا وەربگرێت، وەک ئەوەی ئێستا لەبارەی پۆستی ڕابەری باڵای ئێرانەوە دەبیسترێت.
باسی لەوە کرد کە زۆر بە ڕوونی دەبیستێت کە دەڵێن نامانەوێت ئەو پۆستە وەربگرین و تەنانەت بە گاڵتەجاڕییەوە وتی'' ئەگەر پێشنیاری پۆستی ڕابەری داهاتووش بۆ من بکەن، بە دڵنیاییەوە دەڵێم نەخێر و سوپاس، من ئەوەم ناوێت.''
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دەریدەخەن کە ئەو پێی وایە فشارەکان کاریگەرییان هەبووە و دەسەڵاتدارانی تاران لە ناوخۆدا تووشی گۆشەگیری و ترس بوون. ئەو پێیوایە کە کەشێکی سیاسی وەها دروست بووە کە تەنانەت باڵاترین پۆستەکانی ئەو وڵاتەش لای کەسانی ناوخۆیی و دەرەکی بێ بایەخ بوون و کەس ناوێرێت بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆ بگرێت بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی کە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە.