بەرپرسێکی باڵای پاکستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە'' ئیسرائیل بە فەرمی بڕیاریداوە هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لیستی ئەو کەسانە دەربهێنێت کە بڕیاربوو بکرێنە ئامانج.''
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پاکستان داوای لە واشنتن کردووە فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ پاراستنی ژیانی ئەو دوو بەرپرسە، بەو پێیەی ئەگەر ئەوان لەناو ببرێن، کەسێکی تر نامێنێتەوە کە توانای بڕیاردان و دانوستانی هەبێت لەگەڵ لایەنی ئەمریکی.
بەپێی زانیارییەکان کە لە میدیا ئیسرائیلییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە'' عێراقچی و قالیباف پارێزبەندییەکی کاتییان لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێدراوە کە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.''
ئەم بڕیارە ئامانجی دروستکردنی کەشێکی سیاسی و ئەمنییە بۆ ئەو کەسایەتییانەی کە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ تاران بەڕێوەدەبەن، وەک گەرەنتییەک بۆ ئەوەی دانوستانە بەردەوامەکان بەبێ تێکچوونی دۆخەکە و بە ئامانجی گەیشتن بە ئەنجامێکی دیاریکراو بەڕێوە بچن.
لە پاشخانی ئەم پێشهاتانەدا، ئیدارەی ترەمپ پلانێکی ١٥ خاڵی بۆ ئاگربەست پێشکەش بە تاران کردووە. ئەم پێشنیازە لە ڕێگەی وڵاتی پاکستانەوە وەک نێوەندگیر گەیەندراوەتە دەست بەرپرسانی ئێران، هاوکات ئیسلام ئاباد ئامادەیی خۆی نیشانداوە کە ببێتە میوانداری خولێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان واشنتن و تاراندا بۆ تاوتوێکردنی مەرجەکانی ئەو پلانە و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە.