مەڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە کە لە زاری "بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە" زانیارییان وەرگرتوە و لە راپۆرتەکەدا هاتوە "گورزی کۆتایی واشنتن بۆ سەر ئێران رەنگە هێزی زەمینی و شەپۆلێکی گەورەی بۆردومان لەخۆبگرێت".
پێنج شەممە، ٢٦ ئادار ٢٠٢٦، ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە داوە کە "پلانی هێزی زەمینیی پێنتاگۆن بۆ ناو قووڵایی خاکی ئێران دەبێت، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی یۆرانیۆم و کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ بەشێکە لە پلانە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا".
ئەکسیۆس ئەوەشی خستە روو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەنگی دژی ئێران بە شێوەیەکی بێپێشینە فراوان دەکات ئەگەر تاران ئامادە نەبێت بگاتە هیچ رێککەوتنێک.
ترەمپ تا بەیانیی شەممە، ٢٨ـی ئادار، هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزەی ئێرانی راگرتووە، بەمەبەستی ئەوەی درێژە بە دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران بدەن و بگەنە رێککەوتنێکی یەکجارەکی تا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن.