دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا وتی" ئەمریکا دەسەڵاتێکی نیشان دا کە جیهان پێشتر نەیبینیوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا".
دۆناڵد ترەمپ حکومەتی ئێرانی بە "نەخۆش ناوبرد" و ڕایگەیاند" کە بەنیازن دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرن؛ بەڵام ئێستا توانای ئەوەیان نەماوە".
ناوبراو جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە پیشەسازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کۆماری ئیسلامی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و هێزی دەریایی وڵاتەکەی بە تەواوی لەناوچووە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئەمە گەورەترین نموونەی وێرانکاریی هێزی دەریایی بوو لە جیهاندا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم.
جارێکی دیکە ڕەخنەی لە ناتۆ گرت کە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا ناکات و یارمەتی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز نادات و وتی کە ئەم پەیماننامەیە "پڵنگێکی کاغەزییە" بەبێ ئەمریکا.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕەخنەی لە ڕاپۆرتی مێدیای ڕۆژاوا گرت و وتی" ڕاستیەکەی کۆماری ئیسلامی دەیەوێت دانوستان لەگەڵ واشنتۆن بکات".