سەرچاوەکانی سەربازی ئێران بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە کە " زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بۆ شەڕی زەوینی ئامادەن".
میدیاکانی ئێران لەزاری سەرچاوەی سەربازییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە"لەگەڵ زیادبوونی پێشبینییەکان دەربارەی ئەگەری گەمژەییەکی مێژوویی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دەستپێکردنی جەنگی زەوینی لە بەرەی باشووری ئێران، شەپۆلێکی جۆش و خرۆش لەنێو شەڕکەرانی زەوینیی ئێران دروست بووە بۆ ئەوەی دۆزەخێکی مێژوویی بۆ ئەمریکییەکان لەسەر خاکی ئێران بخووڵقێنن."
راشیگەیاندووە " جگە لە ئامادەکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بۆ شەڕی زەوینی، لە چەند رۆژی رابردوودا قەرەباڵخییەکی زۆر و لێشاوێک لە داواکاریی گەنجانی ئێرانی گەیشتووەتە ناوەندەکانی بەسیج، سوپای پاسداران و ئەرتەش، تاوەکو ئەوانیش بەشداری لەو جەنگەدا بکەن."
میدیای ئێران دەڵێت "ئەمریکا دەیەوێت گەرووەکە بە خۆکوژی بکاتەوە، کێشە نییە، ئێمە ئامادەین هەم ئەوان ستراتیژی خۆکوژییەکەیان جێبەجێ بکەن و هەم گەرووەکەش بە داخراوی بمێنێتەوە."