لە نوێترین پەرەسەندی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، ئەو وڵاتە هەڕەشە دەکات کە وێستگە ئەتۆمییەکەی وڵاتی ئیمارات دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی.
میدیا ئێرانییەکان و بەتایبەتی ئاژانسی "فارس نیوز"ی نزیک لە سوپای پاسداران، لیستێکی ناوەندە ستراتیژییەکانی ئیمارات بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە" لە ئەگەری هەر جوڵەیەکی سەربازیی ئەمریکا بەرەو دوورگەی خارگ، ئێران بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر ژمارەیەک ئامانجی گرنگی ئیمارات".
ئەو میدیایەی نزیک سوپای پاسداران دەشڵێت " لە میانەی ئەو هێرشانە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە لەوانە وێستگەکانی کارەبای جبلعلی، ئەل تەویلە و بەتایبەتی بنکەی ئەتۆمیی "بەرەکە" وەک ئامانجی سەربازی دەستنیشان کراون".
ئەوە لە کاتێکدا کە بەپێی هەندێک ئامار کە رۆژی پێج شەممە بڵاوکرایەوە لە کۆی ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەرەتای جەنگەکەوە کردوویەتە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، پشکی شێر بەر وڵاتانی کەنداو دەکەوێت و ، بەرێژەی ٨٣٪ ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراوەو لە نێویاندا پشکی شێری بەر ئیمارات و سعودیە کەوتووە، لە ١٧٪ هێرشەکانیش بە ئاراستەی ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا کراون.