پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بەرپرسانی واشنتۆن و تاران بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر خاکی پاکستان گفتوگۆکانیان دەستپێبکەن.
یۆهان ڤادەفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی نوێدا ئاشکرای کرد، دوای زنجیرەیەک پەیوەندی ناڕاستەوخۆ، ئێستا ئامادەکارییەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو.
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان پێویستە و چاوەڕوان دەکرێت لە کاتێکی زۆر زوودا ئەو دیدارە ئەنجام بدرێت.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت (G7)، لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ هاوتای ئەمریکیی خۆی کۆببێتەوە.
ڤادەفول هیوای خواست لەو دیدارەدا وێنەیەکی ڕوونتر لەبارەی ستراتیژیی نوێی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ململانێکان لەگەڵ ئێراندا بخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا تێگەیشتنی وردیان هەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، فریدیش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە بارەی لێکەوتە ئابوورییەکانی هەر ئەگەرێکی جەنگ نیشانداوە. مێرتس جەختی لەوە کردووەتەوە کە تێچووی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئابووری جیهان دەبێت، هەربۆیە بەرلین هەوڵدەدات لەم ململانێیەدا بێلایەن بمێنێتەوە و تەنها پاڵپشتی لە بژاردە دیپلۆماسییەکان بکات.