لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند'' ئەو توندوتیژییە خوێناوییانەی لە تەمموزی ٢٠٢٥ لە پارێزگای سوەیدا ڕوویاندا، پێشێلکاریی جدییان تێدایە کە ڕەنگە بگاتە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی خێرا و دادپەروەرانە هەیە بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی.''
ڕووداوەکان کە لە نێوان چەکدارە دروزەکان و کۆمەڵگەی دروزەکان دەستیپێکرد و دواتر بە دەستوەردانی هێزە حکومییەکان و عەشایەرەکان پەرەی سەند، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە دوو هەزار کەس کە سەدان کەسیان مەدەنی بوون، جگە لەوەی زیانێکی زۆر بە گوندەکان گەیشتووە و دەیان هەزار ماڵ و شوێنی ئایینی سووتێنراون.
لیژنە نێودەوڵەتییەکە پشتڕاستی کردەوە کە بەڵگەی تەواویان لەسەر ئەنجامدانی سێدارەدانی مەیدانی، ئەشکەنجەدان، توندوتیژی سێسی و سووتاندنی بەکۆمەڵی ماڵەکان دەستکەوتووە، کە لە سێ شەپۆلی وێرانکەردا ڕوویانداوە و هەردوو لایەنی مەدەنی (دروز و بەدووەکان) کراونەتە ئامانج.
ڕاپۆرتەکە پشتی بە زیاتر لە ٤٠٠ شایەتحاڵی ڕاستەوخۆ و سەردانی مەیدانی بەستووە و ئاماژە بەوە دەکات کە لیژنەیەکی ناوخۆیی حکومەتی سوریاش لیستی ناوی گومانلێکراوانی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و گروپە چەکدارەکان ئامادە کردووە، ئەمەش قەبارەی مەترسیداریی ئەو پێشێلکارییانە نیشان دەدات کە لەو ناوچەیەدا ئەنجامدراون.