وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ رۆبیۆ، دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە فەرەنسا قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد، لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی وڵاتەکەی بۆسەر ئێران و ئاشكرایکرد لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بە ئۆپراسیۆنەکە دێت.
هەینی، ٢٧ ئادار ٢٠٢٦، ، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند " ئێمە پێشبینی دەکەین کە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کاتێکی گونجاودا کۆتایی پێبێت، لێرەدا باس لە چەند هەفتەیەک دەکەین نەک چەند مانگێک، سوپای ئەمریکا دەتوانێت هەموو ئامانجە ستراتیژییەکانی بپێکێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە ناردنی هێزی زەمینی بێت بۆ ناو خاکی ئێران".
لە بارەی کاتی دەسیپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکرد کە "پەیام لە نێوان واشنتن و تاران ئاڵوگۆڕ کراوە و لایەنی ئێرانی ئارەزووی بۆ گفتوگۆکردن نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی کۆتایی و یەکلاکەرەوەیان سەبارەت بە پلانی ئاشتیی ئەمریکا نەداوەتەوە".
"پشتیوانییەکانی رووسیا بۆ ئێران هیچ جۆرە ئاستەنگییەک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دروست ناکەن" مارکۆ رۆبیۆ وا دەڵێت.
سەبارەت هەبوونی چەکی ئەتۆمی لە دەستی ئێراندا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "شێتییەکی تەواوە ڕێگە بدەین ئەم جۆرە کەسانە ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی، تەنیا سەیری کارەکانی ئێستایان بکەن کە چۆن هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانە و هۆتێلەکان، بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبێت، چۆن هەڕەشە لە جیهان دەکەن".
مارکۆ رۆبیۆ داوای لە وڵاتانی جیهان کرد یەکدەنگ بن سەبارەت بە گەرووی هورمز بۆ رێگریکردن لەو سەرانەوەرگرتنەی تاران کە دەیەوێت بەسەر بازرگانیی جیهانیدا بیسەپێنێت.