وتەبێژی سوپای ئیسرئیل ئاشکرای دەکات کە بۆردومانی "وێستگەی ئاوی قورسی ئەراکیان" لە ناوەڕاستی ئێران کردوە کە "ناوەندێکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم بۆ چەکی ناوەکی"، لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە "حکومەتی ئێران ئاگاداری کردوینەتەوە لە هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەیەکی ناوەکی هەستیار".
هەینی، ٢٧ ئادار ٢٠٢٦، ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "هێزە ئاسمانییەکانمان بە رێنمایی وردی دەزگای هەواڵگریی سەربازی، گورزێکی نوێیان لە وێستگەی ئاوی قورسی ئەراک وەشاندووە" .
ئاوی قورس ماددەیەکی دەگمەنە و بۆ کارپێکردنی ئەو وێستگە ئەتۆمییانە بەکاردێت کە توانای بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمی ئاستی سەربازییان هەیە.
وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئەم وێستگەیە نەک تەنیا لە رووی سەربازییەوە گرنگ بووە، بەڵکوو یەکێک بووە لە سەرچاوە ئابوورییە گرنگەکانی ئێران و ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دابین کردووە.
هەر لە ئەمڕۆدا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "دامەزراوەی شەهید ڕەزایی نەژاد بۆ بەرهەمهێنانی کێکی زەرد لە پارێزگای یەزد کە بە دامەزراوەی ئەردەکانیش دەناسرێت، کراوەتە ئامانجی هێرشێکی سەربازی".
کێکی زەرد ماددەیەکی سەرەکییە کە لە پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بەکاردێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، "تا ئەم ساتە هیچ ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکدانەوە لە دەوروبەری دامەزراوەکە تۆمار نەکراوە"، بەڵام تیمە تەکنیکییەکانی ئاژانسەکە خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن لە ڕاپۆرتەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی ژینگەی ناوچەکە.
ڕافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، جارێکی دیکە هۆشداریی توندی دایە لایەنە شەڕکەرەکان و داوای دانبەخۆداگرتنی سەربازی کرد. گڕۆسی جەختی کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ هێرش بۆ سەر ناوەندە ناوەکییەکان ڕابگیرێت تاوەکوو ناوچەکە و جیهان لە مەترسیی هەر جۆرە ڕووداوێکی ئەتۆمیی وێرانکەر بپارێزرێن.