عەباس عیراقچی: ئیسرائیل باجی تاوانەکانی دەدات


وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێكی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردوەتەوە و هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت " ئێران باجێکی قورسی لە ئیسرائیل دەسەنێت بەهۆی ئەو تاوانانەی دەیانکات" و سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کارگەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەکات.

هەینی، ٢٧ ئادار ٢٠٢٦، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "ئیسرائیل دوو گەورەترین کارگەی پۆڵا و وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و شوێنە ئەتۆمییە مەدەنییەکان و چەند ژێرخانێکی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد، لەگەڵ ئەمەشدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا هێرشەکانی کردووە".

" ئەم هێرشانەش پێچەوانەی درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتە دیپلۆماسیەیە کە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لێداوە"، وەزیری دەرەوەی ئێران وا دەڵێت.

لە لایەکی دیکەوە سوپای پاسداران  لە بارەی هێرشی سەر کارگەکانی پیشەسازی ئاسن و پۆڵا لە هەردوو پارێزگای خۆزستان و ئیسفەهان، هەڕەشەی بە هێرشکردنە سەر شەش گەورە کارگەی پیشەسازی ئیسرائیل و پێنج وڵاتی عەرەبی کەنداو کردووە.




PM:11:23:27/03/2026