ئاژانسی وزەی ئەتۆم: جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر

‌وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بەوەی جارێکی دیکە هێرشکراوەتە سەر ناوچەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە باشووری ئێران.

شەممە، ٢٨ ئادار ٢٠٢٦، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند "ئێران ئاگاداری کردووینەتەوە لە ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ناوچەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، دڵنیای کردووینەتەوە کە هیچ زیانێک بەر راکتۆرە کاراکان نەکەوتووە و هیچ دزەکردنێکی تیشکدەر تۆمار نەکراوە".

هەر لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە تەنها لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ئەمە سێیەم هێرشە دەکرێتە سەر ئەو وێستگە ئەتۆمییە.

لەو بارەیەوە رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت "نیگەرانم لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی ناو سنووری ئەو وێستگەیە و  هەر زیانێک بەر راکتۆرەکە بکەوێت، دەبێتە هۆی رووداوێکی تیشکدەری گەورە، کە مەترسیی بۆ سەر ناوچەکە دەبێت".

بەڕێوەبەری ئاژانسەکە داوای  "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن"ی لە لایەنە سەربازییەکان کرد بۆ رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی ئەتۆمی.
 
وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، گرنگترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەتۆمییە لە ئێران و لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، چەندین جار دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری بیستراوە.
 





AM:09:49:28/03/2026