سوپای ئیسرائیل: بە زیاتر لە ٥٠ فڕۆکەی جەنگی هێرشمان کردە سەر ئێران


سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکس راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر "ژێرخانی سەربازی ئێران لە سێ ناوچەدا" بڵاوکردەوە.

شەممە، ٢٨ ئادار ٢٠٢٦، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "بە زیاتر لە ٥٠ فڕۆکەی جەنگی بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری رۆژی هەینی، ٢٧ ئادار ٢٠٢٦، هێرشمان کردە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران لە سێ ناوچەی جیاوازدا".

"هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ بۆردوومانکردنی کارگەی ئاوی قورس لە شاری ئاراک بۆ بەرهەمهێنانی پلوتۆنیۆمی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی، هەروەها کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی تەقەمەنی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە شاری یەزد"، سوپای ئیسرائیل وا دەڵێت.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە "هێرشەکان بە سێ قۆناغ بوون و چەند کاتژمێرێکیان خایاند، تێیدا چەندین کارگەی پیشەسازیی سەربازی و بنکەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران کرانە ئامانج، کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنیی پێشکەوتوو بەکار دەهات و سەرچاوەی دابینکردنی چەک بوو بۆ حەماس و حزبوڵڵا، لەگەڵ شوێنێکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پارچەی مووشەکی بالیستی و دژەفڕۆکە".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا سوپای ئیسرائیل وتویەتی "پێکانی ئەو ئامانجانە گورزێکی گەورەیە لە تواناکانی ئێران بۆ دروستکردنی مووشەکی بالیستی و چەکی ئەتۆمی، هێزەکانیش بەردەوام دەبن لە لێدانی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی ئەو توانایانەی لە چەندین ساڵی رابردوودا بونیادی ناوە".




PM:12:34:28/03/2026