وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "هێزەکانمان یەکەم ئۆپراسیۆنی سەربازیان دژی ئیسرائیل ئەنجامدا".
شەممە، ٢٨ ئادار ٢٠٢٦، یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند "هێزەکانمان یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکانی سەربازیی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە ئەنجام داوە، ئەم هێرشە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشوویانە بۆ دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئێران، لوبنان، عێراق و فەلەستین لە بەرانبەر هێرشەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە".
وتەبێژی حوسیەکان روونیشی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکەیان هاوکات بووە لەگەڵ هێرشەکانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و ئامانجەکانی خۆی بەسەرکەوتوویی پێکاوه، هێرشەکانیش بەردەوام دەبن تاوەکوو ئامانجە راگەیەنراوەکانیان بەدی دەهێنن و ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر تەواوی بەرەکانی ناوچەکە دەوەستێنێت.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەم ٢٠٢٣، ئەم گرووپە چەندین هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور ئەنجام داوە.