جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی توانیویەتی زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانی لەناو خاکی ئێراندا بەدەستبهێنێت و ئێستا ئیدارەی ئەمریکا لەوە نزیکە کە هەڕەشە درێژخایەنەکان بۆ هەمیشە بێکاریگەر بکات.
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامبوونیان لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئێستا بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیرییەکی هەمیشەییە تاوەکو لە داهاتوودا پێویستیان بە هیچ دەستوەردانێکی تری سەربازی نەبێت و جەختیشی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی سەرۆک تێکشکاندنی ئەو توانایانەی نەیارەکانیانە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا بەتایبەت لە پرسی چەکی ئەتۆمیدا.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی جێگری سەرۆک ڕوونی کردەوە کە ئەم گرانبوونە کاتییە و دەرەنجامی ململانێکانە بەڵام بەمزووانە نرخەکان دادەبەزنەوە چونکە ئەوان پلانیان نییە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئێران بمێننەوە و کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دانوستانەوە کۆتایی بەو جەنگە بهێنن.