فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند” کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" گەیشتووەتە ئاوەکانی ناوچەکە، کە نزیکەی ٣٥٠٠ دەریاوان و سەربازی هێزی مارێنزی هەڵگرتووە.”
ئەم هەنگاوە لە ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٦دا جێبەجێ کراوە و وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی هەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.
ئەم بڵاوەپێکردنە لە کاتێکدایە کە پێنتاگۆن خەریکی تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکانە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەر پەرەسەندنێکی ئەگەری لەگەڵ ئێران. جێگیرکردنی ئەم یەکە تایبەتەی مارێنز بۆ چەند ئەرکێکی جۆراوجۆرە، لەوانە ئۆپەراسیۆنی چۆڵکردنی بەکۆمەڵ لە کاتی تەنگانەدا، دابەزینی هێز لە کەشتییەوە بۆ کەناراوەکان، و ئەنجامدانی هێرشی زەمینی و ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی تایبەت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "سی ئێن ئێن"، ئامادەبوونی ئەم هێزە بژاردەی زیاتر دەداتە دەست فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیناریۆ جۆراوجۆرەکان. ئەم جۆرە یەکانە مەشق و ڕاهێنانی باڵایان کردووە و دەتوانن لە کاتی هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا بە خێرایی لە ناوچەکەدا بجوڵێن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.