سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک.
سوپای پاسداران ئەم هێرشەی وەک تاوانێکی "تیرۆریستی" وەسف کرد و پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل درێژ کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئامانج لەم جۆرە هێرشانە تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێیە.
هەروەها سوپای پاسداران ئەم کارەی وەک درێژکراوەی زنجیرەی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئێران لەقەڵەم داوە.
وەک هەنگاوێکی کردەیی، سوپای پاسداران ئامادەیی فەرمی خۆی دەربڕیوە بۆ دروستکردنی قەڵغانێکی بەرگری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.
ئەم پێشنیارە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە هاتووە کە دەکرێنە سەر سەقامگیری ناوچەکە.