پاکستان: لەگەڵ ئێران ڕێککەوتین بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانمان لە گەرووی هورمز

محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاشکرای کرد کە حکومەتی ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر تێپەڕبوونی بیست کەشتی بارهەڵگری وڵاتەکەی بەناو گەرووی هورمزدا و بڕیارە ڕۆژانە دوو کەشتی کە ئاڵای پاکستانیان لەسەر بێت بەناو ئەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەدا تێپەڕن.

ئەم هەنگاوە دوای پەککەوتنی جوڵەی بازرگانی لە گەرووەکە دێت بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە و وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەم ڕێککەوتنەی بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی وەسف کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و بەهێزکردنی متمانە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە بۆ دوورکەوتنەوە لە زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە.

لە کاتێکدا کە پێشتر گەرووی هورمز بەهۆی هێرشەکانەوە بە تەواوی داخرابوو و نیگەرانییەکی جیهانی زۆری لێکەوتووەتەوە، ئێستا ئەم هەوڵانەی ئیسلام ئاباد وەک سەرەتایەک دەبینرێت بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی بازرگانی دەریایی و کەمکردنەوەی ئەو فشارە ئابوورییانەی کە بەهۆی جەنگەکەوە دروست بوون.





AM:12:17:29/03/2026