سوپای پاسداران: فڕۆکەیەکی ئەمریکیمان لە سعودیە تێکشکاند

‌فڕۆکەی چاودێری و کۆنترۆڵی جۆری E-3 (ئەواکس)

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە "تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی چاودێری ئەمریکی"، لە بنکەی "ئەلخەرج" لە سعودییە. 

یەک شەممە، ٢٩ ئادار ٢٠٢٦، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی مووشەکی و درۆنیدا، فڕۆکەیەکی چاودێری و کۆنترۆڵی جۆری E-3 (ئەواکس)ی سەر بە سوپای ئەمریکامان لە بنکەی "ئەلخەرج" لە سعودیە تێکشکاندووە".

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەم "هێرشە لەلایەن هێزی ئاسمانی"یەوە کراوە، وەک وەڵامێکە بۆ "کردەوە دووژمنکارانەکانی سوپای تیرۆریستی ئەمریکا" و دوای تێکشکاندنی فڕۆکە سووتەمەنیبەخشەکان لە هەمان بنکە دێت.

"لانیکەم فڕۆکەیەکی جۆری E-3 ناسراو بە ئەواکس، کە توانای ناسینەوە و فەرماندەیی و کۆنترۆڵی فڕۆکەی هەیە، بە رێژەی ٪١٠٠ تێکشکێندراوە و زیانی زۆریش بە فڕۆکەکانی تەنیشتی گەیێندراوە"، سوپای پاسداران وا دەڵێت.
 
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ئەمریکا هیچ شتێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردوەتەوە.




PM:03:26:29/03/2026