وەزارەتی وزەی ئێران ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشکردنە سەر دامەزراوە هەستیارەکانی وزە لە وڵاتەکەدا، تەوژمی کارەبا لە بەشێکی زۆری شاری تاران و پارێزگای ئەلبورز بڕاوە و زیانی زۆر بە ژێرخانی پیشەسازی کارەبا کەوتووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە تیمەکانی چاککردنەوە و فریاگوزاری لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ کۆنترۆڵکردنی زیانەکان و هەوڵی جیدی دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا، بەڵام قەبارەی هێرشەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ناوەندەکانی دابەشکردنی وزە و پەکخستنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لەو ناوچانەدا.
ئەم پەککەوتنەی کەرتی وزە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتووەتە لوتکە و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەک گورزی کوشندە ئاڕاستەی ژێرخانە ئابووری و سەربازییەکانی ئێران کراون، کە کەرتی وزە وەک ستراتیژیترین بەش زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر.