ترەمپ: زۆر حەزم لێیە دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرم

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، ترەمپ، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان لەگەڵ تاران، باسی لە ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارک و "کۆنتڕۆڵکردنی نەوتی ئێران" کرد و ئاشکراشی کرد کە واشنتۆن هێشتا چەندین بژاردەی سەربازی لەبەردەستدایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز،دۆناڵد ترامپ  سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە دانوستانە بەردەوامەکان لەم چاوپێکەوتنەدا ئاشکرای کردووە کە حکوومەتی ئێران هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەوانە ڕێگەدان بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە گەرووی هورمزدا . بە وتەی ترەمپ، "ئەوان ١٠ [مۆڵەتی تێپەڕاندنی کەشتییەکان]یان پێداین. ئێستا ٢٠ دانەمان پێدەدەن، ئەو ٢٠ کەشتیە بە ناوەڕاستی گەرووەکەدا دەجووڵێن و تێدەپەڕن."


لە بەشێک لەم چاوپێکەوتنەدا، ترەمپ هەروەها جەختی کردەوە کە حەزی کەسیی خۆی بریتییە لە (وەرگرتنی نەوتی ئێران) و ئەم بژاردەیەی بەراورد کرد بە سیاسەتی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا و وتیشی" واشنتۆن بەنیازە بۆ ماوەیەکی زۆر پیشەسازی نەوت کۆنترۆڵ بکات."

ناوبراو وتی" ڕاستگۆیانە ئەوەی من زۆر حەزم لێیە، وەرگرتنی نەوتی ئێرانە، هەرچەندە زیادی کرد کە هەندێک لە ناوخۆی ئەمریکا دژی ئەم ڕێبازەن."

هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە توانای بەرگری حکومەتی ئێران لە ناوچەکەدا سنووردارە و وتی: "پێموانییە هیچ بەرگرییەکیان هەبێت، دەتوانین زۆر بە ئاسانی وەریبگرین."

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند"  دانوستانه ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ حکومەتی ئێران له ڕێگەی ناوبژیوانه کانەوە زۆر به باشی به ڕێوه ده چێت، و دیاریکرد کە ٦ی نیسان وادەی گەیشتن بە ڕێککەوتنە و هۆشداریدا لەوەی ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا ئەمریکا ڕەنگە کەرتی وزەی ئێران بکاتە ئامانج.

لە هەمان کاتدا ترەمپ ئاماژەی بە مەودای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی حکومەتی ئێران کرد و وتی:" ئێمە نزیکەی سێ هەزار ئامانجی دیکەمان هەیە- ١٣ هەزار ئامانجمان بۆردومان کردووە- و چەند هەزار ئامانجی دیکەش ماوە، دەتوانرێت زۆر بە خێرایی ڕێککەوتنێک بکرێت".

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا هەروەها باسی لە بارودۆخی سیاسی ئێران کرد و ئاشکرای کرد کە پێکهاتەی دەسەڵات لە وڵاتدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. وتیشی: "ئەو کەسانەی ئێستا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین تەواو جیاوازن... زۆر پیشەگەرن، دوای کوشتنی سەرکردە باڵاکان، گۆڕانکاری ڕژێم بە کردەوە ڕوویداوە".

"کوڕەکەی خامەنەیی یان مردووە یان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. هیچ هەواڵێکمان لەبارەیەوە نییە. دیارنەماوە".( ترەمپ وای وت).

لە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی کرد: "ئەوان هەموو شتێک دەکەن کە ئێمە دەمانەوێت و ڕەنگە جارێکی دیکە ببنەوە وڵاتێکی گەورە، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکەن، چیتر وڵاتیان نابێت."




AM:09:31:30/03/2026