ئێران کوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی پشتڕاستکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠- ٣- ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا، کوژرانی عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.

عەلی رەزا تەنگسیری، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئێران و لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٨ـەوە لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانەوە وەک فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دیاری کرابوو.

پێنجشەممەی رابردوو سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی تەنگسیری لە هێرشێکدا بۆ بەندەر عەباس راگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە کردبوو ئەو فەرماندەی سوپای پاسداران، بەرپرسی یەکەمی داخستنی گەرووی هورمز بووە بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا.

ئەو فەرماندەیە رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پەرەپێدانی تواناکانی هێزی دەریایی ئێران، بەتایبەتی لە بواری دروستکردنی بەلەمی خێرا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک. بەردەوام هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی دەکرد بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا و چەندین جار هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی لە هێزەکانی ئەمریکا دەکرد لە ئاوەکانی کەنداو.

بەهۆی رۆڵی لە هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی دەریایی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ ناوی خستە لیستی تیرۆریستانی جیهانییەوە. تەنگسیری پێشتر لە ساڵی ٢٠١٦ سەرپەرشتیی دەستگیرکردنی ١٠ دەریاوانی ئەمریکای کردبوو لە ئاوەکانی کەنداو.




AM:11:38:30/03/2026