کۆشکی سپی: ئێران لەبەردەم دەرفەتێکی زێڕیندایە و ئەگەر ڕێکنەکەوێت گورزی توندتری بەردەکەوێت

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند'' ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ لایەنێکی عەقڵانیتر لە ناو ئێراندا خەریکی دانوستانە و تاران لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا بە چەند خاڵێکی واشنتن ڕازی بووە.''

 جەختی کردەوە کە ئەگەر تا پێش ٦ی نیسان ڕێککەوتن نەکرێت، سەرۆک ترەمپ فەرمانی هێرشی زۆر توندتر دەردەکات.**

وتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، تا ئێستا ١١ هەزار ئامانج لە ناوخۆی ئێران پێکراون و ١٥٠ کەشتی جەنگی ئەو وڵاتە لەناو براون، ئەمەش وای کردووە تاران توانای هەڕەشەکردنی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەمێنێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پاشماوەکانی ڕژێم خواستیان بۆ ڕێککەوتن هەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا وەک نیشانەیەک بۆ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان ٢٠ کەشتی لە گەرووی هورمز دەپەڕنەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا لیڤیت دووپاتی کردەوە کە ماوەی دیاریکراوی جەنگەکە چوار بۆ شەش هەفتەیە و ئامانجی سەرەکی ئەوەیە ئێران بە تەواوی توانای سەربازی خۆی بۆ هەڕەشەکردن لەدەست بدات، هەر بۆیە هۆشداری دا کە تاران دەبێت ئەم دەرفەتە زێڕینە بقۆزێتەوە، چونکە بە پێچەوانەوە هێرشەکان بۆ سەر پێگە ناوخۆییەکانی ئێران بەردەوام دەبن و واشنتن هەموو بەڵێنەکانی ئەوان لە دانوستانەکاندا تاقی دەکاتەوە.





PM:09:46:30/03/2026