سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: وەڵاممان بۆ هەر هێرشێک بە چەندین گورزی پێچەوانە دەبێت

محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند'' هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی بێ وەڵام نابێت و بەرانبەر هەر ئامانجێکی ئێران کە بپێکرێت، ئەوان چەندین ئامانجی دوژمن دەپێکنەوە.''

قالیباف لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد. دوژمن خەون و ئارەزووەکانی خۆی وەک پڕوپاگەندەی هەواڵی بڵاودەکاتەوە و هەڕەشە لە نەتەوەی ئێران دەکات، ئەمەشی بە "هەڵەیەکی گەورە" وەسف کرد.

دووپاتی کردەوە کە گەلی ئێران لە ژێر سێبەری سەرکردایەتی وڵاتەکەیاندا، هەر دەستدرێژکارێک پەشیمان دەکەنەوە و تەواوی مافەکانی خۆیان وەردەگرنەوە.

ئەم پەیامە توندەی سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران گەیاندووەتە لووتکە و جووڵەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە زیادی کردووە، بە جۆرێک کە هەزاران سەربازی "فیرقەی ٨٢" گەیشتوونەتە ناوچەکە و ئەمەش ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی زیاتر کردووە.



PM:11:26:30/03/2026