بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس، زۆربەی وڵاتانی کەنداو بە سەرکردایەتی سعوودیە و ئیمارات فشاریان خستووەتە سەر دۆناڵد ترەمپ بۆ درێژەدان بە کردەوە سەربازییەکان دژی ئێران، بە ئامانجی دروستکردنی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا و هەندێکیان تەنانەت داوای ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی تاران.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، وڵاتانی ئیمارات، کوەیت و بەحرەین لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت شەڕ بوەستێت تا ئەو کاتەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و توانای مووشەکیی ئەو وڵاتە بە تەواوی تێکدەشکێندرێت.
لە کاتێکدا ئیمارات بە توندترین لایەن دادەندرێت و داوای داگیرکاریی زەمینی دەکات، بەڵام هەریەکە لە عومان و قەتەر هێشتا مەیلیان بەرەو چارەسەری دیپلۆماسی و نێوەندگیری هەیە.
سەرۆک ترەمپ پشتڕاستی کردووەتەوە کە هاوپەیمانە عەرەبەکانی بە توندی لە شەڕەکەدا بەشدارن، بەڵام شازادەی جێنشینی سعوودیە هاوکات لەگەڵ پشتگیریکردنی لاوازکردنی ئێران، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی درێژبوونەوەی جەنگەکە ببێتە هۆی ئەوەی دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتەکەی بکرێنە ئامانج، هەر بۆیە هاوپەیمانان جەخت دەکەنەوە کە دەبێت هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو گرەنتی کۆتاییهێنان بە گروپە چەکدارەکان و پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز بکات.