ئەمریکا: ١٥ رێگەی جیاوازمان بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران هەیە

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، شەڕ لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و دەڵێت، 15 رێگەی جیاوازیان بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران هەیە، بەڵام سەرۆکی وڵاتەکەی وانەکانی جەنگی عێراق و ئەفغانستانی بە باشی خوێندووەتەوە و ئەو هەڵانە دووبارە ناکاتەوە.

رۆژی سێشەممە، ٣١ی ئاداری ٢٠٢٦، لە شاری واشنتۆن پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا نوێترین پێشهاتەکانی جەنگی ئێرانیان خستەڕوو و هێگسس وتی، "ئەوەی لە مەیدانی جەنگ بینیم ورەیەکی بەرزی سەربازەکانمان بوو. ئەوان داوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ناکەن، بەڵکو داوای بۆمبی زیاتر و گەورەتر دەکەن بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەیان."

ئاماژەی بەوە کرد، "هێرشە ئاسمانییەکان ورەی سوپای ئێرانیان بە تەواوی تێکشکاندووە و بووەتە هۆی هەڵاتنی بەکۆمەڵی سەربازان."

وتیشی، "تەنیا شەوی رابردوو ٢٠٠ هێرشی داینامیکیمان ئەنجامداوە و حەشارگەیەکی دیکەی فەرماندەیی تارانمان وێران کردووە کە سەرکردەکانیان ناچار بوون بەبێ ئاو و کارەبا و ئۆکسجین لێی رابکەن."

دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، ئامارە نوێیەکانی جەنگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە ماوەی 30 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 11 هەزار ئامانجمان لە ناو خاکی ئێران پێکاوە. ئێستا فڕۆکە بۆمبهاوێژە زەبەلاحەکانیB-52 بە ئازادی بەسەر ئاسمانی ئێراندا دەفڕن و لە هەر گەشتێکدا 70 هەزار پاوەند تەقەمەنی بەسەر ئامانجەکاندا دەبارێنن."

سوپاسالاری ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە بەرەی دەریایی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 کەشتیی جەنگیی ئێرانیان لەنێوبردووە، لەوانە هەموو کەشتییە جەنگییەکانی جۆری "جاماران". جەختیشی کردەوە کە بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێران بە تەواوی وێران بووە و توانای دروستکردنەوەی چەکیان نەماوە.

وەزیری جەنگی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زەوینی گوتی: "ئێمە هیچ بژاردەیەک داناخەین. دوژمن دەبێت بزانێت کە ١٥ رێگەی جیاوازمان هەیە بۆ ئەوەی بە هێزی زەوینی هێرشیان بکەینە سەر." بەڵام جەختی کردەوە کە "سەرۆک تڕەمپ" نایەوێت وەک ئیدارەکانی پێشوو ئەمریکا بخاتە ناو جەنگێکی بێ کۆتایی و پڕۆسەی بنیاتنانی نەتەوە.

هێگسس وتیشی، "دانوستاندنەکان بەردەوامن و زۆر راستەقینەن، بەڵام تاوەکو رێککەوتن نەکرێت، ئێمە بە بۆمب دانوستاندن دەکەین." هۆشداریشی دا کە ئەگەر بەرپرسانی نوێی ئێران ژیر نەبن، ئەوا ترەمپ ئامادەیە "دۆزەخ بەرپا بکات" و هەموو وێستگەکانی کارەبا و بیرە نەوتەکانیان تێکبشکێنێت.




PM:07:28:31/03/2026