نەتانیاهۆ: رژێمی ئێران لە ناوەوە دەڕوخێت

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا جەختی لەوە کردەوە کە لە سەدا ٨٠ی خەڵکی ئێران دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێنرێت و ڕێژیم لە ناوەوە دەڕوخێت.

لە چاوپێکەوتنەکەدا کە لە هەژماری زمانی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل" ئیسرائیل بە فارسی"  لە بەرنامەی ئێکس بڵاوکرایەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی و داواکاری گەلی ئێران بۆ ڕووخاندنی ڕژیم کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە "نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەنگی گەلی ئێران دەبیستێت، کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک لاوازترە و ئیسرائیل لە هەموو کاتێک بەهێزترە".

ناوبراو لەو چاوپێکەوتنەدا وتی:" لە سەدا ٨٠ی خەڵکی ئێران لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی دەربکەن."

وتیشی" ڕژیم دۆشکە لە دژی خۆپیشاندەرانی بێ چەک کە بە سادەیی دەڵێن ئازادیمان دەوێت و دەیانەوێت بە ئازادی بژین بەکاردەهێنێت". هەروەها جەختیشی کردەوە،" پێموایە ئەم دەسەڵاتە لە ناوەوە دەڕوخێت".

نەتانیاهۆ زیادی کرد: ئیسرائیل توانای سەربازی و مووشەکی و ئەتۆمی ڕژێمی ئێران لاواز دەکات، هەروەها لە ناوەوە لاوازی دەکات.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەنجامەکەی کۆماری ئیسلامی زۆر لاوازتر و ئیسرائیلێکی زۆر بەهێزتر دەبێت.







PM:10:24:31/03/2026