دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشێکی توندی کردە سەر کێر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
تڕەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "تێلێگراف"ی بەریتانی رۆژی ١ی نیسان دەڵێت" لە بنەڕەتدا لەندەن هێزێکی دەریایی وای نییە کە بتوانێت بەشداری بکات".
لە لێدوانەکەدا سەرۆکی ئەمەریکا زۆر توند بووە، کاتێک ڕووی دەمی کردۆەتە سەرۆ وەزیرانی بەریتانیا کێرستارمر و دەڵێت "ئێوە تەنانەت کەشتیگەلی دەریاییشتان نییە، ئێوە وڵاتێکی پیرن و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانیشتان لەکارکەوتوون."
لە بەرامبەردا، کێر ستارمر دوای لێدوانەکانی تڕەمپ جەختی کردەوە کە بەریتانیا پەلکێشی ناو ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکرێت، هەرچەندە بکەوێتە ژێر فشارەوە و، وتی "ئەمە جەنگی بەریتانیا نییە و پەلکێشی ناوی نابین."
کاتێک "تێلێگراف" لە تڕەمپی پرسی ئایا دەبێت سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پارەی زیاتر بۆ کەرتی بەرگری خەرج بکات، وتی "پێی ناڵێم چی بکات، دەتوانێت هەرچییەکی بوێت ئەوە بکات."
شایانی باسە تڕەمپ چەندین جار بێزاری خۆی لە هاوپەیمانی "ناتۆ" دەربڕیوە بەهۆی ئەوەی هاوکارییان نەکردووە لە جەنگی ئێراندا؛ تەنانەت بۆ "تێلێگراف" جەختی لە مەبەستی خۆی بۆ کشانەوە لەو هاوپەیمانێتییە کردووەتەوە.
کاتێک لێیان پرسی؛ ئایا پێداچوونەوە بە ئەندامێتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە "ناتۆ"دا دەکاتەوە، لە وەڵامدا وتی "کارەکە قۆناغی پێداچوونەوەی تێپەڕاندووە، من هەرگیز سەرسام نەبووم بە ناتۆ، هەمیشە دەمزانی ئەوان پڵنگێکی سەر کاغەزن."