ترەمپ: کۆتایی بە ڕژێمی ئێران دەهێنین و لە سێ هەفتەی داهاتوودا گورزی کوشندەتر دەوەشێنین

سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند'' هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا بە توندی بەردەوام دەبن.''

 جەختیشی کردەوە، ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەم پرسە و ڕزگاربوونی جیهانە لە ڕژێمێکی شەڕانگێز کە خەریک بوو دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا ٤٥ هەزار هاووڵاتی خۆی کۆمەڵکوژ کردووە و هەوڵی دەدا لە ژێر چەتری ئەتۆمیدا درێژە بەو کارانە بدات، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک وەبەرهێنانێک بۆ نەوەکانی داهاتوو دەبینێت.

 هۆشداریشی دا ئەگەر تاران ڕازی نەبێت بە ڕێککەوتن، لە قۆناغی داهاتوودا کەرتی کارەبا و دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە بە توندی دەکرێنە ئامانج.

سەبارەت بە نرخی سووتەمەنی، سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دایە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کاتییە و دەرەنجامی هێرشە "تیرۆریستییەکانی" ئێرانە بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان، نەک ئەم ململانێیە.

 هەروەها ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە هاوکاری ئەمریکا نەکردووە و ڕایگەیاند'' ئەوان بەشە سەختەکەیان کە لەناوبردنی ڕژێمە ئەنجامداوە و ئێستا دەبێت وڵاتانی تر خۆیان ئاسایشی گەرووی هورمز بپارێزن یان نەوت لە ئەمریکا بکڕن.''

لە کۆتایی وتارەکەیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕانکاریی ڕژێم لە ئێراندا ڕوویداوە و ئەو گرووپە نوێیەی هاتوونەتە سەر دەسەڵات عەقڵانیترن، پێشبینیشی کرد کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕەکەدا، گەرووی هورمز بە شێوەیەکی سروشتی دەکرێتەوە و بەهۆی ناچاربوونی ئێران بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی، نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.




AM:09:29:02/04/2026