وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی تونددا کە لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیەوە بڵاوکرایەوە، پێشنیاری دانوستان و ئاگربەستی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەواوی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند'' گەلی ئێران لەم "جەنگە سەپێندراوەدا" هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە بەرەنگاربوونەوە و بەردەوامبوون لە شەڕ.''
ئیسماعیل بەقایی، ئاماژەی بەوە دا کە ئێران چیتر قبوڵ ناکات هەمان "پیلانی کۆن" بە ناوی دانوستانەوە دووبارە ببێتەوە، چونکە ئەوە بە کارەسات بۆ ئێران و تەواوی ناوچەکە دەبینێت.
جەختی کردەوە کە ئەمە جەنگێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە "کردەی تیرۆریستی" کە تێیدا فەرماندە و ڕێبەرەکانی ئێران لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا کراونەتە ئامانج، بۆیە ئەمە بە جەنگێکی نایەکسان و سەپێندراو وەسف کرد.
ئەم هەڵوێستە بڕبڕە کەمەی تاران تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای وتارە هەڕەشەئامێزەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت، کە تێیدا هۆشداری دابوو ئەگەر ئێران نەیەتە سەر مێزی دانوستان، لە هەفتەکانی داهاتوودا تەواوی ژێرخانی وزە و نەوتی ئەو وڵاتە خاپوور دەکەن. بە وەڵامەکەی بەقایی، وا دیارە تاران بڕیاری داوە لەبری پاشەکشە، ڕووبەڕووی ئەو "گورزە توندانە" ببێتەوە کە ترەمپ بەڵێنی دابوو لە چەند هەفتەی داهاتوودا بوەشێنرێن.