وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی ئیمارات ئاشکرایدەکات هێزە بەرگرییە
ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە بەرپەرچی ١٩ موشەکی بالیستی و ٢٦ درۆن بدەنەوە
کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ـی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگری ئیمارات
نوێترین ئاماری لە بارەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکی بڵاوکردەوە
و رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە،٤٥٧ موشەکی بالیستی، ١٩ موشەکی کرووز و ٢٠٣٨ درۆنیان
بەرپەرچداوەتەوە.
لە بارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە وەزارەتی بەرگری ئیمارات
رایگەیاندووە، بە هۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵآتەکەیان، ٢ ئەندامی هێزە چەکدارەکانی
ئیمارات لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا کوژراون، هەروەها هاوڵاتییەکی مەغریبی کە وەک
گرێبەست لەگەڵ سوپا کاری کردووە گیانی لە دەستداوە، هاوکات ٩ هاوڵاتی مەدەنی لە نەتەوەکانی
پاکستان، نیپاڵ، بەنگلادیش، فەڵەستین و هیندستان گیانیان لەدەستداوە و ١٩١ کەسیش بە
برینی جیاواز کە هاوڵاتی ٢٩ وڵاتی جیاوازن لەوانەش ئیمارات، عێراق، میسر، لوبنان،
تورکیا، فەڵەستین و چەندین وڵاتی دیکە برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا جەختی
کردەوە، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە
ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری وڵاتەکەیان بکاتە ئامانج و بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک
دەبنەوە کە بیەوێت دەستکەوتە نیشتمانییەکانیان بەرەو هەرەس ببات.