محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران، لە وتارێکی شیکاریدا کە ڕۆژی هەینی ٣ی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە، داوای لە تاران و واشنتن کرد ئەم "کارەساتە" وەک دەرفەتێک بەکاربهێنن بۆ کۆتاییهێنان بە ٤٧ ساڵ لە دوژمنایەتی و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی گشتگیر لەبری ئاگربەستێکی لەرزۆک.
زەریف ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامیی ئەم جەنگە تەنیا دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتری گیانی مرۆڤەکان و سەروەت و سامانێکی بێشومار، بێ ئەوەی بنبەستی سیاسی ئێستا بگۆڕێت. ئەو پێیوایە جەنگ سەلماندی کە ناتوانرێت بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی ئێران بە ڕێگەی سەربازی ڕابگیرێت، بۆیە پێشنیار دەکات ئێران هاوشێوەی ڕابردوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات و گەرووی هورمز بکاتەوە، لە بەرانبەریشدا ئەمریکا تەواوی سزاکان هەڵبگرێت.
وەزیری پێشووتری دەرەوە جەختی کردەوە کە هاوکاری ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا گونجاوە و لە بەرژەوەندی هەردوولادایە. ئەو وتارەکەی بەوە کۆتایی پێهێناوە کە ئەم جەنگە سەرەڕای دڕندەییەکەی، دەرگای بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی کردووەتەوە و ئێرانییەکان دەتوانن بەرەو پێش بچن بەو متمانەیەی کە بە سەربەرزییەوە لە بەرانبەر هێرشێکی سەربازیی گەورەی دوو هێزی ئەتۆمی (ئەمریکا و ئیسرائیل) وەستاونەتەوە.
ئەم پێشنیارەی زەریف لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، کە لە ٢٨ی شوباتەوە ئێران ڕووبەڕووی هێرشی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتەوە و تێیدا چەندین سەرکردەی باڵای سەربازی و سیاسی، لەوانەش عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران کوژراون، لە بەرانبەریشدا تاران بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز وەڵامی داوەتەوە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی نەوت لە جیهاندا.