داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی جیهانی "MarineTraffic" ئاشکرایان کرد کە کەشتییەکی کۆنتێنەرهەڵگری فەرەنسی بە ناوی "CMA CGM Crepe"، بە سەرکەوتوویی گەرووی ستراتیژیی هورمزی بڕیوە.
ئەمە یەکەمین هەنگاوی وڵاتێکی ڕۆژئاواییە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە.
تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتبوو، لە کاتێکدایە کە ڕێڕەوەکە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە بە تەواوەتی داخرابوو. بەپێی زانیارییەکانی گرووپی بۆرسەی لەندەن، کەشتییەکە تەکتیکێکی هاوشێوەی کەشتییە چینییەکانی بەکارهێناوە بۆ نیشاندانی بێلایەنی، ئەویش بە گۆڕینی زانیارییەکانی شوێنی مەبەست پێش چوونە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران، بەمەش توانیویەتی بەبێ هیچ ئاستەنگێکی سەربازی گەرووەکە ببڕێت.
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ کردنەوەی گەرووەکە بە "نا لۆژیکی" وەسف کردبوو و جەختی لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ تاران کردبووەوە.
لە کاتێکدا دیپلۆماتکارانی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ نەرمکردنەوەی سزاکانی سەر گەرووی هورمز دەکەن، تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە وەک ئاماژەیەک بۆ هەماهەنگییەکی ژێرپەردە لە نێوان پاریس و تاران لە ناو جەرگەی جەنگدا دەبینرێت.