دوو زیندانی سیاسی لە ئێران لەسێدارە دران

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، دوو بەندکراوی سیاسی دیکەی بە ناوەکانی " ئەبۆلحەسەن مۆنتازەر و وەحید بەنی-ئاماریان" ی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "ڕێکخراوی موجاهدینی گەلی ئێران" لە سێدارە دا.

ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەرییە، بڵاویکردووەتەوە " کە ئەو دوو کەسە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپێکی یاخیبوو، کۆبوونەوە و هاوکاریکردن بۆ ئەنجامدانی تاوانێک دژی ئاسایشی ناوخۆی وڵات بە ئاگاداری پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردەکانی دووڕوویی دادگایی کراون".

بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سزای لەسێدارەدان، ئاژانسەکە راشیگەیاندووە "ئەو شتانەی کە پێویستن بۆ دروستکردنی لانچەر و پۆشینی دەموچاوی تۆمەتباران" دۆزراونەتەوە.

ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدایە کە بە وتەی چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسی لە ئێران دەستیان بە پارێزەرێک ناگات و بۆ دەرهێنانی ئەو دانپێدانانە ئەشکەنجە دەدرێن کە دەبنە بنەمای سزای توند و لەوان سزای لە سێدارەدان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بابەک عەلیپوور، پویا قوبادی، ئەکبەر دانشوارکار و محەمەد تەغڤیساننگدەهی بە تۆمەتی هاوشێوە لە سێدارە دراون و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش هۆشداری دابوو لە ئەگەری نزیکبوونەوەی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە.




AM:09:16:04/04/2026