بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە ڕۆژی شەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' هێزەکانیان قۆناغێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران دەستپێکردووە و توانیویانە گورزێکی کوشندە لە کەرتە پێترۆکیمیاییەکان و پیشەسازیی پۆڵای ئەو وڵاتە بوەشێنن.''
ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد کە دوای ئەوەی پێشتر توانیویانە ٧٠٪ی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێران پەکبخەن، ئێستا ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانتر کردووە بۆ سەر کارگە پێترۆکیمیاییەکان، چونکە ئەو دوو کەرتە وەک "ئامێری پارە" بۆ دابینکردنی بودجەی جەنگی سوپای پاسداران دەبینێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، ئەم ستراتیژە ئامانجی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تارانە کە دژی ئیسرائیل و جیهان بەکاری دەهێنێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە کە پابەندە بە بەڵێنەکەی بۆ "وردوخاشکردنی" تواناکانی ئێران و ڕایگەیاند کە هێرشەکان بەردەوام دەبن تاوەکو گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی و پەکخستنی تەواوەتی ئەو دامەزراوانەی کە وەک سەرچاوەی خاو بۆ دروستکردنی چەک و دابینکردنی دارایی جەنگ بەکاردێن.