عەباس عێراقچی: هێرشکردنە سەر دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکان هەڕەشەیە بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی شەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٦، ناڕەزایەتی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر بەو هێرشانە دەربڕی کە کراونەتە سەر دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەم کردەوانەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و سیستمە گەرەنتییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وەسف کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا، بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی نزیک لەم دامەزراوانە مەترسییەکی گەورە و بێپێشینە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئێران و تەواوی ناوچەکە دروست دەکات، هەروەها جەختی لەسەر لێکەوتە وێرانکەرە ژینگەییەکانی ئەم هێرشانە کردەوە و ڕایگەیاند کە دەبنە هۆی دزەکردنی تیشک و پیسبوونی ئاوی کەنداو، هەوا و سەرچاوە سروشتییەکان.

عێراقچی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕوونی کردەوە کە شوێنەوارە مەترسیدارەکانی تیشک و پیسبوونی ژینگەیی تەنیا لە ناوخۆی ئێراندا کورت نابنەوە، بەڵکو کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بڵاو دەبنەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هەر کارەساتێکی ئەتۆمی دەبێتە کێشەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی.



PM:11:54:04/04/2026