نێتبلۆکس، دەزگایەکی جیهانی بۆ چاودێریکردنی ئینتەرنێت، ڕۆژی یەکشەممە، ڕایگەیاند کە ئێران پێی ناوەتە ٣٧هەمین ڕۆژی پچڕانی ئینتەرنێتی تەواوەتی و ڕیکۆردێکی نوێی بۆ "درێژترین ماوەی" پچڕانی ئینتەرنێت لە جیهاندا تۆمارکردووە.
هاوکات بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا بە تایبەت لە ناوخۆی ئێران بەردەوامن لە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی حکومەت کە سانسۆرێکی توندی ئینتەرنێتە ئەگەر دەرفەتی پەیوەندیکردنیان بۆ بدۆزنەوە.
نێتبلۆکس نووسیویەتی،" ئێران ئێستا لەڕووی توندییەوە هەموو نموونە هاوشێوەکانی تێپەڕاندووە، دوای ٣٦ ڕۆژ یان ٨٦٤ کاتژمێر لە ڕاگرتنی بەردەوامی ئینتەرنێت بۆ خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە، و گەیشتووەتە دۆخی درێژترین ڕەشەبای نیشتمانی".
نێتبلۆکس لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونی کردەوە کە ئێران یەکەم وڵات بوو کە پەیوەندی بە ئینتەرنێتی جیهانییەوە کرد و ئێستا هەوڵی جیابوونەوەی دەدات، لە کاتێکدا وڵاتێکی وەک کۆریای باکوور لە سەرەتاوە پەیوەندی بەو تۆڕە جیهانییە نەکردووە.
دوابەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، یەکەم کار کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کردیان، بەتەواوەتی دەستڕاگەیشتنی ئینتەرنێتی خەڵکی ئاسایی لەگەڵ هاوڕێ و ناسیاو و کەسانی بازرگانیدا پچڕاند.