سێنتکۆم: فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان لە ناو خاکی ئێران ڕزگارکران و هێرشەکان بەردەوام دەبن

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا لە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی هەردوو فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی لە ناو خاکی ئێراندا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە سەرەڕای تێکشکانی فڕۆکەکەیان، گورزە سەربازییەکانیان بۆ سەر پێگە ستراتیژییەکانی تاران بەردەوامییان دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، هێزەکانی ئەمریکا لە دوو ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی (SAR)ی جیادا، توانیویانە هەردوو ئەندامی تیمی فڕۆکە جەنگییەکەی جۆری F-15E بە سەلامەتی بگوێزنەوە، کە فڕۆکەکەیان لە ٢ـی نیساندا لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی جەنگیدا لەلایەن هێزە بەرگرییەکانی ئێرانەوە خرابووە خوارەوە. 

ئەم سەرکەوتنە لە کاتێکدایە کە تاران پاداشتێکی دارایی گەورەی بۆ دەستگیرکردنی ئەو فڕۆکەوانانە تەرخان کردبوو و گومانێکی زۆر لەسەر چارەنووسیان هەبوو.

فەرماندەیی ناوەندی ئاشکرای کردووە، ئامانجی سەرەکی لە بەردەوامیی ئەم هێرشانە، پەکخستنی تەواوەتیی تواناکانی ئێرانە بۆ سەپاندنی هەژموونی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان ورەی هێزەکانیانی بەرزکردووەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە وەشاندنی گورزی زیاتر لە نێو خاکی ئێراندا.




PM:08:30:05/04/2026