قالیباف بۆ ترەمپ: جموجۆڵەکانتان ئەمریکا دەکاتە دۆزەخ بۆ هەموو خێزانێکی ئەمریکی

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامێکی تونددا بۆ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند” پێداگریی ئەمریکا لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ناتانیاهۆ ناوچەکە ئاگر تێبەردەدات و ژیانی خێزانە ئەمریکییەکان دەکاتە دۆزەخێکی ڕاستەقینە.”

قالیباف لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" هۆشداریی دایە واشنتن کە فریوی سەرکەوتنە وەهمییەکان نەخۆن چونکە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ هیچ دەستکەوتێکی ستراتیژی بەدی نایەت و جەختی کردەوە کە تاقە چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بەم یارییە مەترسیدارە تەنیا ڕێزگرتنە لە مافەکانی گەلی ئێران و ڕاگرتنی هێرشەکان چونکە ئەگەرنا پەرچەکردارەکانی تاران هەموو لایەک دەگرێتەوە.

لێدوانەکەی قالیباف کە خۆی پێشتر فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران بووە وەک ئاماژەیەک دەبینرێت بۆ ئەوەی کە ئێران ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کە ڕەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و جیهان بکاتە ئامانج و بەکارهێنانی دەستەواژەی خێزانە ئەمریکییەکانیش هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو شەقامی ئەمریکیدا تا گوشار بخەنە سەر ئیدارەی ترەمپ بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە بەتایبەت دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستپێکردنی ململانێیە چەکدارییەکان.

تاران بەردەوامە لەسەر ئەو گوتارەی کە ئەمریکا تەنیا وەک ئامرازێک لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدایە و ئەمەش بۆ تەریکخستنی واشنتنە لە ئاستی نێودەوڵەتی و نیشاندانی وەک لایەنێکی دەستدرێژیکار و ئەم لێدوانە نیشان دەدات کە سەرەڕای گورزە ئابووری و سەربازییەکان بەرپرسانی تاران هێشتا بژاردەی خۆبەدەستەوەدانیان ڕەتکردووەتەوە و ئامادەن بۆ قۆناغێکی سەختتر لە ڕووبەڕووبوونەوە.




PM:09:18:05/04/2026