وۆڵ ستریت جۆرناڵ: هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە بنبەست

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی نیسانی ٢٠٢٦ ئاشکرای کرد، هەوڵە چڕەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێورکردنەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕووبەڕووی بنبەست بووەتەوە و وڵاتانی تورکیا و میسر و پاکستان نەیانتوانیوە تاران قایل بکەن بە دەستپێکردنی دانوستان یان ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لەم قۆناغە هەستیارەدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە کە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئامادەکراوە لایەنی ئێرانی چەندین پێشنیازی نێوەندگیرانی ڕەت کردووەتەوە کە یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکان بریتی بووە لە کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرانبەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لە لایەن ئەمریکاوە بەڵام تاران بە توندی ئەم مەرجەی ڕەت کردووەتەوە و جەختی لەسەر هەڵوێستە سەربازییەکانی خۆی کردووەتەوە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرەڕای فشارە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە و قاهیرە و ئیسلام ئاباد بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەتی دەکەنەوە هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام بدەن و تاران جەختی کردووەتەوە کە داواکارییەکانی ئێستای واشنتن بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەوان جێگەی قبووڵکردن نین و ئەم پەککەوتنە دیپلۆماسییەش لە کاتێکدایە کە مەترسییەکانی تێپەڕبوونی دوا مۆڵەتەکەی ترەمپ و وەشاندنی گورزی سەربازیی وێرانکەر بۆ سەر ژێرخانی ئێران زیاتر بووە.



PM:10:55:05/04/2026