بەپێی زانیارییەکانی ناو کۆشکی سپی تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی لەسەر پێشنیاری ئاگربەستی دەرنەبڕیوە و رەتیکردوەتەوە.
دوو شەممە، ٦ نیسان ٢٠٢٦، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی زانیاری بە میدیاکانی وتوە کە "ئەمە یەکێکە لەو چەندین بیرۆکەیەی خراونەتەڕوو، بەڵام سەرۆک ترەمپ هێشتا واژۆی لەسەر نەکردووە، بۆیە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا بەردەوامە".
لە بارەی هەڵوێستی تارانەوە بۆ ئاگربەست، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک گەرووی هورمز لە بەرامبەر ئاگربەستێکی کاتیدا ناکاتەوە. ئێران دەشڵێت واشنتن تەنیا دەیەوێت کات بکوژێت و ئامادە نییە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گشتگیر. هەروەها تاران جەختی کردووەتەوە کە لە ژێر فشار و مۆڵەتی دیاریکراو بڕیار نادات.
ئاژانسی ڕۆیتەرز راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بەوەی حکومەتی پاکستان نەخشەڕێگەیەکی گشتگیری بە ناوی رێککەوتنی ئیسلام ئاباد بۆ ئێران و ئەمریکا ناردووە.
پلانەکە لەسەر بنەمای دوو قۆناغ داڕێژراوە:
قۆناغی یەکەم/ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و کردنەوەی گەرووی هورمزە.
قۆناغی دووەم/ ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆیە لە ئیسلام ئاباد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ رۆژدا.