ترەمپ وردەکاریی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکانی لە ناو خاکی ئێران ئاشکرا کرد

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” سوپای وڵاتەکەی یەکێک لە ئاڵۆزترین و مێژووییترین ئۆپراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی لە قووڵایی خاکی ئێراندا ئەنجامداوە و توانیویانە دوو فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە بە سەلامەتی بگوێزنەوە بەبێ ئەوەی هیچ سەربازێکیان بریندار ببێت.”

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، لەم ئۆپراسیۆنەدا هێزێکی گەورە بەشدارییان کردووە کە پێکهاتبوون لە ١٥٥ فڕۆکەی جیاواز لەوانە ٤ فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و ٦٤ فڕۆکەی جەنگی و ٢٠٠ سەربازی تایبەت کە ڕەوانەی ناو خاکی ئێران کراون و بۆ سەرلێشێواندنی هێزە ئێرانییەکانیش هێزەکانی ئەمریکا لە یەک کاتدا لە ٧ شوێنی جیاوازدا بڵاوەیان پێکراوە و ٢١ فڕۆکەی تریش بۆ چەند کاتژمێرێک لە ئاسماندا جێگیر کراون تاوەکو پلانەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوو فڕۆکەی بارهەڵگری گەورەیان لەناو خاکی ئێراندا تەقاندووەتەوە دوای ئەوەی لە کاتی نیشتنەوەدا لە خۆڵدا گیرابوون و ئەمەش تەنیا بۆ ئەوە بووە کە تەکنەلۆژیاکەی نەکەوێتە دەست ئێرانییەکان و هاوکات هەڕەشەی سزادانی ئەو کەسانەشی کرد کە زانیاریی فڕۆکەوانەکانیان دزەپێکردووە و داوای لەو دەزگا میدیاییە کرد کە ناوی سەرچاوەکەیان ئاشکرا بکەن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ترەمپ جەختی کردەوە کە هێزەکانیان تاوەکو ئێستا ١٠ هەزار گەشتی ئاسمانییان ئەنجامداوە و ١٣ هەزار ئامانجی جیاوازیان لە ناو خاکی ئێراندا پێکاوە و هۆشداریشی دا کە تاران دەکرێت لە یەک شەودا یان تەنانەت سبەی شەو بە تەواوەتی لەناو ببرێت ئەگەر بێت و مل بۆ داواکارییەکانی واشنتن نەدات.



PM:09:41:06/04/2026