سێنتکۆم ئاماری پێنج هەفتەی ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێران بڵاودەکاتەوە


فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا نوێترین ئامار و وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"ی بڵاو کردەوە کە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ دەستی پێ کردووە و ئاشکرای کردووە کە تاوەکو ڕێکەوتی ٦ی نیسانی ٢٠٢٦ هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە زیاتر لە ١٣ هەزار ئامانجی جیاواز لە نێو خاکی ئێراندا بپێکن.

بەگوێرەی داتاکانی سێنتکۆم لە کەرتی دەریاییدا زیاتر لە ١٥٥ کەشتی و ژێردەریایی ئێرانی بە تەواوەتی تێکشکێنراون یان زیانی قورسیان بەرکەوتووە کە ئەمەش نیشانەی لەدەستدانی باڵادەستیی دەریایی تارانە.

ێزە ئەمریکییەکانیش جەختیان کردووەتە سەر پێکانی ناوەندەکانی فەرماندەیی و بارەگاکانی سوپای پاسداران و پێگە هەواڵگرییەکان و سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکان لەگەڵ بنکە مووشەکییە بالیستییەکان و کارگەکانی دروستکردنی درۆن و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی.

ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک یەکێک لە گەورەترین پڕۆسە سەربازییە هاوچەرخەکان دەناسرێت کە تێیدا ئەمریکا پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای وەک فڕۆکەکانی ئێف ٣٥ و ئێف ٢٢ و بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی بی ٢ و بی ٥٢ی بەکارهێناوە لەگەڵ حاملەی فڕۆکەی ئەتۆمی و سیستەمەکانی پاتریۆت و تاد بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان.

ئەم ڕاپۆرتە توندەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی کۆتایی بۆ تاران دیاری کردووە و هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران مەرجەکان قبووڵ نەکات قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر وێرانکەرتر دەبێت و ئامانج لێی پەکخستنی تەواوەتیی وڵاتەکە دەبێت لە یەک شەودا.



AM:12:14:07/04/2026