فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆفیگارۆی فەڕەنسی قەیرانی وزەی پەیوەست بە شەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە خراپترین قەیرانی مێژوویی وەسف کرد.
ڕایگەیاند'' جیهان هەرگیز پچڕانی دابینکردنی وزەی بەم قەبارە گەورەیە نەبینیوە و ئەم دۆخە لە قەیرانەکانی ساڵانی ١٩٧٣ و ١٩٧٩ و ٢٠٢٢ زۆر جددیتر و مەترسیدارترە.''
بیرۆڵ هۆشداریی دا، جیهان لە ئێستادا خەریکە دەچێتە ناو مانگی نیسانی ڕەشەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر گەرووی هورمز بە درێژایی مانگی نیسانی ٢٠٢٦ بە داخراوی بمێنێتەوە ئەوا بڕی ئەو نەوت و بەرهەمە پاڵاوتانەی لەدەست دەچن دوو ئەوەندەی مانگی ڕابردوو دەبێت.
ئەم شەڕەش تەنیا کاریگەری لەسەر نەوت و گاز نابێت بەڵکو خوێنبەرەکانی ئابووری جیهانی لە کەرتەکانی پیتێنەر و پترۆکیمیایی و هیلیۆمیش پەک دەخات.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە باسی لەوەش کرد کە ئەم قەیرانە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە جیۆپۆلەتیکی وزەدا و پێشبینی دەکات ببێتە هۆی زیندووکردنەوەی خێرای وزەی ئەتۆمی و بەکارهێنانی ڕیاکتۆرە مۆدیۆلارە بچووکەکان لەگەڵ گەشەسەندنی زیاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پەرەپێدانی وزە نوێبووەوەکان وەک چارەسەرێکی درێژخایەن.
ئەم تێڕوانینە ڕەشبینانەیەش دوای ئەوە دێت کە ئێران لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتەوە گەرووی هورمزی داخستووە کە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی جیهانە بۆ گواستنەوەی وزە.